كه‌ركوك: هه‌ڵمه‌تى 16 رۆژ چالاكی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌ماى جۆری كۆمه‌ڵایه‌تى
كه‌ركوك- 5ى كانونى یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌رى 2021، وه‌كو به‌شێك له‌ هه‌ڵمه‌تى 16 رۆژه‌ى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌ماى جۆری كۆمه‌ڵایه‌تى، نوسینگه‌ى مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌كگردتوه‌كان بۆ هاوكارى عێراق (یونامی) هه‌ستا به‌ ئه‌نجامدانى گفتوگۆیه‌كى جۆرایه‌تى/ستراتیژی له‌ پارێزگاى كه‌ركوك.
له‌ گفتوگۆكه‌دا 12 ژن و 9 پیاو له‌ پارێزگاكانى كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ به‌شدارییان كردبو، سه‌رباری نوێنه‌رانى پۆلیسی پاراستنى خێزان و به‌رپرسانى خۆجێی و كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانى مرۆڤ له‌ عێراق و چالاكوانانى بوارى مافه‌كانى ژنان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كاندیدی سه‌ركه‌وتوى هه‌ڵبژاردنى تشرینی یه‌كه‌مى 2021.
له‌سه‌ره‌تاى گفتوگۆكه‌دا، كورته‌ فیلمێك بۆ پاڵپشتی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی دژ به‌ ژنان به‌ ناونیشانى "دیواری بێده‌نگى بشكێنه‌" نمایشكرا، كه‌ كۆژانی ده‌ربازبوانانى توندوتیژی خێزانى و ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى روبه‌ڕوییان بوه‌ته‌وه‌ له‌كاتى داواكردنى پشتیوانى و به‌هاناوه‌چون خسته‌ڕو، هه‌روه‌ك تیشكیشی خسته‌ سه‌ر گرنگیی به‌تاوان ناساندنى توندوتیژی خێزانى.
له‌میانه‌ى گفتوگۆ ستراتیژیه‌كانیشدا، به‌شداران ئه‌زمونی خۆیان له‌ بوارى داكۆكیكردن له‌ ده‌ربازبوانى توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌ماى جۆری كۆمه‌ڵایه‌تى خسته‌ڕو و جه‌ختیان له‌گرنگیی پته‌وكردنى ئالیه‌ته‌كانى به‌هاناوه‌چون كرده‌وه‌، له‌نێویشیاندا زیادكردنى ژماره‌ى فه‌رمانبه‌ران وه‌كو هه‌نگاوێك بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و ده‌ربازبوانه‌ى كه‌ پێویستیان به‌ ده‌ستكه‌وتنى هاوكاری له‌ ده‌زگاى تایبه‌تمه‌ند هه‌یه‌. هه‌روه‌ك به‌شداران تیشكیان خسته‌ سه‌ر پێویستی به‌ تاوان ناساندنى توندوتیژی خێزانى و ده‌ركردنى یاسای تایبه‌تمه‌ند به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی خێزانى وه‌كو هه‌نگاوێكى یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ دژ به‌و بیروباوه‌ڕ و دابونه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌ڵانه‌ى له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا بونیان هه‌یه‌.
به‌شداریی بكه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تى جیهانی 16 رۆژه‌ى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌ماى جۆری كۆمه‌ڵایه‌تى و كورته‌ فیلمی "دیواری بێده‌نگی بشكێنه‌" ببینه‌ و به‌شداریی پێبكه‌ له‌ له‌ سه‌كۆی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
6 photos · 1 view